وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان، ڕاسته‌وخۆ بەشدارە لە بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین
2021-08-27
128 جار خوێندراوەتەوە
 
ڕۆژ بە رۆژ نرخی‌ بەنزین گران دەبێت، بەجۆرێک نزیکبووەتەوە لە هەزار دینار بۆ لیترێک، شۆفێری‌ زیاتر لە یەک ملیۆن‌و شەش سەد هەزار ئۆتۆمبیل، ناچارن ڕۆژانە باجی‌ ئەم گرانیە بدەن، حکومەتیش لە ڕێگەی‌ وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکانیەوە، نەوەک ڕۆڵی‌ نییە لە کەمکردنەوەی‌ نرخ، بەڵکو خۆی‌ گەورەترین گەندەڵی‌ دەکات بە قۆرخکاریی‌ لە پاڵاوتن‌و دابەشکردنی‌ بەنزین، دیاریش نیە چەند لەو بەنزینە لە بازاڕو بەنایاسایی‌ بە نرخی‌ زۆر گران دەفرۆشرێتەوە!
 
گرنگترین (سەرپیچی‌‌، قۆرخکاریى، هەڵە)ى وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکان لە بوارى گرانبوونى نرخى بەنزین ئەمانەن:
 
١ـ وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکان بە قۆرخکاریی‌ بڕی‌ بیست هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە تەنها لە پاڵاوگەی‌ (کار) دەپاڵێوێت‌و نایداتە هیچ پاڵاوگەیەکی‌ تر، کە ئەمە بۆخۆی‌ قۆرخکارییەکی‌ گەورەی‌ ئاشکرایە! و پێچەوانەی‌ بەرژەوەندی‌ گشتی‌‌و هەموو یاسا بەرکارەکانە.
 
٢ـ ئەو بڕە بەنزینەی‌ بەرهەمی‌ دەهێنێت، کە بڕەکەی‌ یەک ملیۆن لیتری‌ رۆژانەیە، دەیدات بە دوو کۆمپانیای‌ (سەن ئۆیڵ) و (کورد نەفت)، کە ئەمەش پێچەوانەی‌ هەموو یاسا بەرکارەکانەو گەندەڵیەکی‌ ئاشکرای‌ وەزارەت‌و بێبەشکردنی‌ کۆمپانیاکانی‌ ترە، هاوکات شارەکانی‌ تری‌ هەرێمیش.
 
٣ـ ئەو یەک ملیۆن لیتر بەنزینەی‌ کە وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکان بەرهەمی‌ دەهێنێت‌و دەدرێتە ئەو دوو کۆمپانیایە بۆ دابەشکردن، بە دوو ڕێگە دەبێتە هۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ نرخی‌ بەنزینی‌ نۆرمەڵ، بەمجۆرە:
 
أ- بەهۆی‌ بوونی‌ یەک ملیۆن لیتر بەنزین کە بەنرخی‌ کەمتر لە نرخەکەی‌ بازاڕ دەدرێتە دوو کۆمپانیا، دەبێتە هۆی‌ ئەوەی‌ بازرگانان نەتوانن بەهەمان نرخ بەنزین لە دەرەوە هاوردە بکەن، بەمەش ئەو بڕە بەنزینە نۆرمەڵەی‌ دەخرێتە بازاڕ کەمترە لەو بەنزینە نۆرمەڵەی‌ بازاڕ پێویستیەتی‌، بۆیە دەبێتە هۆی‌ تێکچوونی‌ هاوسەنگی‌ هاوکێشەی‌ بازاڕ، ئەمەش واتە بەرزبوونەوەی‌ نرخی‌ بەنزینی‌ نۆرمەڵ، وەک دەبینین لە (٥٠٠ دینار)ەوە نرخی‌ بەنزینی‌ نۆرمەڵ گەیشتووەتە سەرو (٨٠٠ دینار)!
 
ب ـ ئەو بەنزینەی‌ بە نرخی‌ پشتیوانیکراوی‌ حکومی‌، کە (٦٢٠ دینار)ە، دەچێتە بازاڕ هیچ چاودێرییەکی‌ لەسەر نیە تا هەمووی‌ بەسەر شۆفێراندا دابەش بکرێت‌، دیار نیە ئەو ملیۆن لیترە چەندی‌ بە (٦٦٠ دینار) دەفرۆشرێت‌و چەندی‌ بە قاچاخ بە نرخی‌ بازاڕ دەفرۆشرێتەوە کە زیاترە لە (٨٠٠ دینار)!
 
٤ـ وڵاتان کاتێک ڕووبەڕووی‌ گرانی‌‌و خراپی‌ دۆخی‌ ئابوری‌ دەبنەوە، حکومەتەکانیان دەست بۆ کەمکردنەوەی‌ بڕی‌ باج‌و ڕسومات دەبەن، بۆ ئەوەی‌ جوڵەی‌ بازاڕ زیاد بێت‌و ئابوری‌ بگەشێتەوە، بە پێچەوانەوە، حکومەتی‌ هەرێم نەوەک باج کەم ناکاتەوە، بگرە باج‌و ڕسوماتی‌ لەسەر سوتەمەنی‌ زیاد کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی‌ ئەوەی‌ بازاڕ بە پێچەوانەوە جوڵە بکات، باجی‌ هەموو ئەم سیاسەتە چەوتەش هاووڵاتی‌ دەیدات.
 
ئێمە لای‌ خۆمانەوە، ئەم بابەتانەمان بە ڕێکاری‌ پەرلەمانی‌ ئاراستەی‌ حکومەت کردووە، لە ڕۆژانی‌ ئایندەشدا هەنگاوی‌ زیاتر هەڵدەگرین بە ئاراستەی‌ ڕاگرتنی‌ وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکان لە قۆرخکاریی‌، چونکە کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە (٤٧٠ هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ناکرێت نرخى بەنزین تیایدا وەک وڵاتێکى هاوردەکارى بەنزین بێت، ئەگەر تەنها (٤٠ هەزار) بەرمیل لە نەوتى بەرهەم هاتوو لە ناوخۆ دوور لە قۆرخکاریى بپاڵێوێت، ئەوە هەرگیز نرخی‌ بەنزین بەم ئاستەی‌ ئێستە بەرز نابێتەوە، بگرە ڕێگەچارەیەکی‌ گونجاویشە بۆ قازانجی‌ زیاتری‌ خەڵک‌و هەرێمی‌ کوردستان لە ڕووی‌ ئابورییەوە.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
١٤ی‌ ٨ی‌ ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 13
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net