لە دۆخى گرانى بازاڕ، بێ ئاوى هەولێرو هێندێک شار، گرانى بەنزین، چی‌ بکرێت؟
2021-08-27
539 جار خوێندراوەتەوە
 
زۆرینەی‌ خەڵکی‌ پایتەخت خەریکە لە تینوا دەخنکێن، زۆرێک لە هاووڵاتیان بەتایبەت لەگەڕەکە هەژارەکانی‌ هەولێر بێ ئاون، چەمچەماڵ بێ ئاوە، چەند شارێکی‌ تریش هەمان کێشەی بێ ئاوی‌ یان کەمی‌ ئاویان هەیە، ئەمە لە کاتێکدا گەندەڵی‌ ئاشکراو نیمچە ئاشکرا مانگانە سەدان ملیار دینار بەهەدەر دەدات‌و بەردەوامیشە.
 
بە پێی‌ بەدواداچوون‌و هەڵسەنگاندنی‌ من، تەنیا لە گومرگەکانەوە، بڕی‌ ئەو پارەیەی‌ کە مانگانە بە ڕێگەی‌ جیاجیا دەبێتە زیان بۆ هەرێمی‌ کوردستان زیاترە لە (١٥٠ ملیار) دینار، ئەمە لەکاتێکدا چارەسەری‌ کێشەی‌ ئاوی‌ هەموو قەزای‌ چەمچەماڵ تەنها بە (١٠٠ تا ١٢٠) ملیار دینار بە هەمیشەیی‌ دەکرێت، کێشەی‌ کەمئاوی‌ هەولێریش بە نزیکەی‌ دوو هێندەی‌ ئەو پارەیە دەچێتە قۆناغێکی‌ زۆر باشتر، هەر پیاچوونەوەیەکیش بە دۆسەی‌ نەوت ئەنوانێت نزیکەی‌ (١٠٠ ملیار) دینار داهاتی‌ مانگانە بۆ هەرێم زیاد بکات.
 
بەنزین گران بووە، شمەک‌و پێداویستی‌ ڕۆژانەی‌ هاووڵاتیان بە ڕیژەی‌ پێنج لەسەد بۆ سی‌ لە سەدو لە هێندێک حاڵەتدا بۆ زیاتریش نرخەکەی‌ گران بووە، کارەبا خراپەو خەڵک لەم هاوینە بۆ هەر ئەمپێرێک کارەبای‌ موەلیدە ناچار بووە (١٣ تا ١٥ هەزار) دینار بدات بۆ زستانیش بە هەمانشێوە دەبێت، بەنزین رۆژ بە ڕۆژ نرخەکەی‌ نزیک دەبێتەوە لە هەزار دینار بۆ لیترێک، ئەمە لە کاتێکدا وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکان بەردەوامە لە قۆرخکارییەکی‌ ئاشکرا بۆ چەند کۆمپانیایەک‌، و دەشتوانێت بەنزینی‌ نۆرمەڵ بە نرخی‌ خوار (٦٠٠ دینار) بۆ هەموو بەنزینخانەکانی‌ هەرێم دابین بکات.
 
نەخۆشخانەکانی‌ کەرتی‌ گشتی‌ لە دۆخێکی‌ زۆر خراپدان، هاووڵاتی‌ (مەبەست لە هاووڵاتیانی‌ هەژارە) ناچارن بۆ نەشتەرگەرییەک زیاتر لە شەش مانگ‌و لە هێندێک حاڵەتدا بۆ ساڵێک سەرە بگرن!
 
لە هەموو ئەم دۆخانەدا حکومەت دۆش داماوەو تەنها تەماشاکارە، لە ناو زەلکاوی‌ گەندەڵیدا چەقیوەو هەنگاوی‌ بۆ ناهاوێرێت، چونکە تا ئیستا حزبەکانی‌ دەسەڵات ئامادە نین دەست لە بەرژەوەندییەکانیان هەڵگرن‌و باری‌ حکومەت سوک بکەن تا بتوانێت فریای‌ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاووڵاتیان بکەوێت.
 
بە پێی‌ پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمان، لە دۆخی‌ نائاساییدا پەرلەمان دەتوانێت کۆ ببێتەوەو پشوەکەی‌ هەڵوەشێنێتەوە، ئەوەش بە سێ ڕێگە، بۆ ئەوەی‌ لەسەر ئەم هەموو دۆخە خراپەی‌ ژیانی‌ خەڵک گفتوگۆ بکات، قسەو بریاری‌ هەبێت، حکومەت پابەندی‌ هێندێک هەنگاو بکات بە قازانجی‌ هاووڵاتیان.
 
بە پێی‌ ماددەی‌ (٨) لە پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمان، سەرۆکی‌ پەرلەمان خۆی‌ دەتوانێت بانگهێشتی‌ کۆبوونەوەی‌ نائاسایی‌ بکات، هەروەها لەسەر داوای‌ سەرۆکی‌ هەرێم یان سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران دەتوانێت، یان یەک لەسەر سێی‌ ژمارەی‌ ئەندامان، واتە بە واژۆی‌ (٣٧) ئەندام پەرلەمان دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ دەتوانێت کۆبوونەوەی‌ نائاسایی‌ پەرلەمان ئەنجام بدات.
 
کۆبوونەوەی‌ نائاسایی‌ پەرلەمان، واتە بوونی‌ دۆخێکی‌ نائاسایی‌ لە وڵاتدا، ئایا نەبوونی‌ ئاوی‌ خواردنەوە لای‌ نزیکەی‌ یەک ملیۆن هاووڵاتی‌ دۆخێکی‌ نائاسایی‌ نییە؟
 
هیچ ئاماژەیەک نییە کە پەرلەمان بە ڕێگەکانی‌ یەکەم‌و دووەم کۆبوونەوەی‌ نائاسایی‌ بکات، بەڵام هەوڵێکی‌ دڵسۆزانە هەیە لەم دۆخە خراپەی‌ ژیانی‌ خەڵکدا پەرلەمان لە پشوو بێتە دەرەوە، لە کۆی‌ (١١١) ئەندام پەرلەمان تا ئێستا تەنها (٢٤) ئەندام واژۆیان کردووە! من هیوام وایە هەموو ئەندامانی‌ پەرلەمان، دەنگی‌ خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی‌ ژن‌و پیاوە ڕیشسپیەکانی‌ پایتەخت‌و بۆ حاڵی‌ خەڵک بێتە گۆ، تا بتوانین نوێنەرایەتی‌ خەڵکی‌ کوردستان بکەین لە خراپترین دۆخەکانیدا، بەمەش پەرلەمان دەتوانێت مەرجەعی‌ باڵای‌ سیاسی‌‌و یاسایی‌ خەڵکی‌ کوردستان بێت‌و باڵاترین دەسەڵات بێت بۆ چاودێری‌ کارەکانی‌ حکومەت.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
١٢ی‌ ٨ی‌ ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,785     ژمارەی میوان 19