بەدواداچوون بۆ زیادکردنى مووچەى کەمئەندامان‌ تا (٢٥٠ هەزار) دینار بە پێى یاسا
2021-09-01
119 جار خوێندراوەتەوە
 
پوختەی‌ بەدواداچوون:
 
ـ کەمئەندامێک ڕێژەکەی‌ ٥٥% بێت‌و هیچ مووچەیەک‌و سەرچاوەیەکی‌ داهاتی‌ نەبێت، مانگانە حکومەت تەنها ١٥٠ هەزار دیناری‌ وەک هاوکاری‌ کۆمەڵایەت پێ دەدات، یەکێکیش ڕێژەکەی‌ لە ١٠٠% بێت هەر ١٥٠ هەزار دینار، ئەمە ستەمە، پێشێلکاری‌ یاساشە، لە کاتێکدا بە پێی‌ یاسا دەبێت ٢٥٠ هەزار دیناری‌ پێ بدرێت، ئەمە بێجگە لەوەی‌(٣٠ هەزار) کەمئەندام زیاتر لە نۆ ساڵە چاوەڕێی‌ ئەو بچوکترین مافە دەکەن!
 
ئایا داهاتی‌ زەبەلاحی‌ نەوت‌و گومرگ‌و باج‌و بەغدا مافی‌ کەمئەندامان‌و هەژارانی‌ ئەم وڵاتەی‌ تێدا نییە؟
 
ڕوونکردنەوەی‌ زیاتر:
 
ـ زیاتر لە نۆ ساڵە، هیچ مووچەو هاوکارییەکی‌ کۆمەڵایەتی‌ تەرخان نەکراوە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی‌ کە بە زگماک یان بەهۆی‌ ڕووداوێکەوە کەمئەندام بوون، بە پێی‌ یاسای‌ ژمارە (٢٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١١)و هەموارەکەشی‌ لە ساڵی‌ (٢٠٢١)، تەرخانکردنی‌ بڕێک پارە وەک هاوکاری‌ مانگانە مافی‌ خۆیانە‌و ئەرکی‌ حکومەتە لەو کاتەوەی‌ وەک کەمئەندام دەستنیشانکرا.
 
ـ هەروەها بە پێی‌ یاسا، پێویستە مووچەی‌ کەمئەندام بەپێی‌ رێژەی‌ کەمئەندامیەکەی‌ بێت، بۆ نمونە: ئەگەر هاووڵاتیەک ریژەی‌ کەمئەندامیەکەی‌ (١٠٠%) بێت، پێویستە هاوکارییە مانگانەکەی‌ بگاتە (٢٥٠ هەزار دینار)، بەڵام تا ئێستا حکومەت جیاوازی‌ ناکات لە نێوان رێژەی‌ کەمئەندامی‌ و ئەم مافە یاساییەی‌ فەرامۆشکردووە‌و تەنها ١٥٠ هەزار دینار بۆ کەمئەندامان خەرج دەکات.
 
بەڵام لە ئێستەدا هیچ پاساوێک نەماوە، مانگانە زیاتر لە (١٥٠ ملیار) دینار لە داهاتی‌ حکومەت زیادە، دۆخی‌ دارایی‌ حکومەت باشبووەو جێبەجێکردنی‌ داواکانیان مافێکی‌ یاسایی‌ هاووڵاتیانی‌ کەمئەندام و خاوەن پێداویستی‌ تایبەتە.
 
هەروەها لە کارنامەی‌ کابینەی‌ نۆیەمیشدا هاتووە کە " حکومەت باشکردنی‌ بژێوی‌ ژیانی‌ کەمئەندامان بە ئەرکی‌ خۆی‌ دەزانێت".
پرسیارو بەدواداچوونی‌ ئێمەش هەر ئەمەیە: کەی‌ حکومەت ژیانی کەمئەندامان‌و خێزانەکانیان باش دەکات؟
 
عومەر گوڵپی
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان
٣١ی ٧ی ٢٠٢١
 
 
تێبینى: ئەمەى سەرەوە، ناوەرۆکى بەدواداچوونێکە کە ڕۆژى ٢٨ى ٧ى ٢٠٢١ ئاراستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کراوە.
 

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 8
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net