ئەوەى لە دانیشتنى دادگایى دوو چالاکەوانى دهۆک بینیمان، بێ تاوانى بوو
2021-07-29
631 جار خوێندراوەتەوە
 
رۆژى پێنجشەممە، ٢٩ی‌ ٧ی‌ ٢٠٢١، ئامادەی‌ دانیشتنێکى ترى دادگاى (تاوانەىکاتى ٢)ى هەولێر بووین بۆ ئاگابوون لە دادگاییکردنی‌ چالاکەوان‌و ئازادیخوازانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆک، پوختەی‌ ئەوەی‌ بینیمان لە دادگا ئەمەبوو:
 
ـ تۆمەتباران دوو جوامیری‌ بادینان، مامۆستا بەدەل بەرواری‌ کە پیشەکەی‌ مامۆستایەو کاک ئومێد بەرۆشکی‌، کە چالاکی‌ مەدەنیەو قوتابی‌ ئامادەییە، دانیشتوی‌ پارێزگای‌ دهۆک.
 
ـ تۆمەتەکان هەمان تۆمەت بوون، کاری‌ تێکدەران و دروستکردنی‌ گروپ‌و هەوڵدان بۆ تێکدانی‌ ئاسایش‌و ئارامی‌ خەڵک‌و بەشداری‌ خۆپیشاندان و ناڕەزایی‌ و قسەکردن لەسەر گەندەڵی‌!
 
ـ سەرەتای‌ دانیشتنی‌ دادگا، پێنج دەقیقەی‌ وەستا، بەهۆی‌ هاوارو ناڵەی‌ ئازادی‌ ئازادی‌ کەس‌و کاری‌ دەستگیرکراوانی‌ بادینان.
 
ـ پارێزەران داوایانە کرد، ئاسایش‌و نوێنەرەکەی‌ ئەنجومەنی‌ ئاسایش لە هۆڵی‌ دادگا بچنە دەرەوە، چونکە ئەوان خۆیاە سکاڵاکارن‌و لە زیندانی‌ خۆشیاندا بوون، داواکاری‌ گشتی‌ ئامادەیە لە بری‌ ئەوان‌و مافی‌ گشتی‌، بەڵام دادوەر داواکەی‌ ڕەتکردەوە.
 
ـ بە پێچەوانەی‌ یاساو هەموو مافێکی‌ تۆمەتبار، پاش یانزە مانگ لە زیندانی‌ لە نێو هۆڵی‌ دادگادا پارێزەریان بۆ دانرا.
 
ـ هەموو بەڵگەیەک هەواڵدەری‌ نهێنیە، بێ ناو، بێ ناونیشان، بێ ئامادەبوون، پارێزەران داوایان کرد هەواڵدەری‌ نهێنی‌ ئامادەبێت تا پرسیاری‌ ئاراستە بکەن، بەڵام دادگا داواکەی‌ ڕەتکردنەوە.
 
ـ پێنج شاهید بانگ کران بۆ شاهیدی‌ دان دژی‌ تۆمەتباران، کە ئەوانیش هەر لە چالاکەوانانی‌ بادینان بوون، (هەریوان، گوهدار، ئەیاز، شڤان، شیروان شێروانی‌) زۆرینەی‌ ئیفادەکانیان ڕەتکردەوە، ئەیاز بە دادگاو دادوەری‌ وت: "ئەو شاهیدیەمان بە زۆرو لە ژێر ئەشکەنجەدا لێ وەرگیراوە، ئەگەرنا ئەمانە مرۆڤی چاک‌و پاک‌و بەسودو بێ زیانی‌ بادینانن، هەموو کەس شایەتی‌ چاکەیان بۆ دەدات"، شیروان شیروانی‌ وتی‌: "هەموو ئەم شاهیدیە ڕەتدەکەمەوە، ئەوە هەمووی‌ درۆو دەلەسەی‌ دەزگا ئەمنیەکانی‌ پارتییە و بەزۆری‌ هەڕەشە لێمان وەرگیراوە، ئەگەرنا من لەگەڵ ئەم دوو تۆمەتبارە پەیوەندیمان نەبووەو گروپ‌و ڕێکخراوی‌ هاوبەشمان نەبووەو لە دوورەوە ناسیومن وەک دوو مرۆڤی‌ چاک‌و باش کە بەشێوەیەکی‌ مەدەنیانەو بە چالاکی‌ مەدەنیانە داوای‌ مافی‌ خۆیان‌و هاووڵاتیانیان کردووە، ئەمانە دوو مرۆڤی‌ بە شەرەف‌و بە کەرامەتی‌ دهۆکن، ئەمە شاهیدی‌ منە، ئەوەی‌ نووسراوە درۆیەو جاری‌ تریش ڕەتمکردووەتەوە"، واتە هەموو شاهیدیەکان لە بەرژەوەندی‌ تۆمەتباران بوون نەوەک دژیان!
 
ـ بەهۆی‌ ئامادە نەبوونی‌ دوو شاهید، دادگاییەکە دواخرا بۆ مانگی‌ ٩ی‌ ئەمساڵ!
 
ئەوەی‌ ئێمە بینینمان ئەوەبوو کە ئەم کەسانە خەڵکی‌ باش، بە خزمەت، پەروەردەکار، میدیاکارو چالاکەوانن‌و خاوەن کەسایەتی‌ ڕاقی‌ کۆمەڵایەتین، دڵسۆزی‌ گەل‌و وڵات‌و شاری‌ خۆیانن، بێ زیانن، هیچ بەڵگەیەکیش نیە بیسەلمێنێت بچوکترین زیان‌و نیەتی‌ خراپەیان هەبووە بەرانبەر خەڵک‌و وڵاتەکەیان، ئەوەی‌ تاوانی‌ ئەم دوو تۆمەتبارەو هاوڕێکانی‌ تریشیانە تەنهاو تەنها ترسی‌ دەسەڵاتە لە ناڕەزایی‌، لە خۆپیشاندانی‌ مەدەنیانە، لە مرۆڤێک بتوانێت شێوەیەکی‌ مەدەنی‌‌و شارستانیانە هاواری‌ ئینسانیانەی‌ خۆی‌ بکات، باس لەگەندەندەڵی‌‌و ناعەدالەتی‌ دەسەڵات بکات، هیچی‌ تر...
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
٢٩ی‌ ٧ی‌ ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 282,654     ژمارەی میوان 102