حکومەت جارێکیتر شکستىیخوارد لە گەڵاڵەکردنى پڕۆژە یاسای بودجەو ناردنى بۆ پەرلەمان
2021-07-27
481 جار خوێندراوەتەوە

بۆ ساڵى نۆیەم بەنیسبەت حکومەتەوە، بۆ ساڵى دووەم بە نیسبەت کابینەى نۆیەمەوە، حکومەت شکستىیخوارد لە گەڵاڵەکردنى پڕۆژەیاساى بودجەو ناردنى بۆ پەرلەمان، شکست لەو ئەرکەى کە ئەم کابینەیە دوو ساڵە بەڵێن دەدات ئەنجامى بدات، خۆ ئەگەر لە سبەینێشەوە پڕۆژە یاساکە بگاتە پەرلەمان، ئەوە دوو مانگى پێویستە تا لە پەرلەمانەوە پەسەندبکرێت و وەزارەتى دارایش ڕێنمایى پێ دەربکات و بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، واتە کۆتاییەکانى ساڵى دارایى ٢٠٢١، ئەو کاتەش یاساکە سودى ئابورى نابێت، چونکە لە بنەمادا یاساى بودجە بۆ سەرەتاى ساڵى داراییە تا کۆتایى، هەربۆیە داواى ڕوونکردنەوەمان کردووە لەسەر هۆکارەکانى دواکەوتن لاى حکومەت، شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ داهات و خەرجى، ئەو بنەما ژمێریاریانەى کە حکومەت پشتیان پێ دەبەستێت لە کاتى نەبوونى یاساى بودجەدا.

 لە خوارەوە بە چەند خاڵێک ئەنجامى بەدواداچوون و شیکارییەک بۆ یاساى بودجە و دۆخى دارایى و ئابورى بۆ ڕایگشتى دەخەمەڕوو، کە لاى خۆشمانەوە بەردەوامین لە کارکردن تیایدا.

یەک/ هۆکار چییە حکومەت ناتوانێت پڕۆژە یاساى بودجە گەڵاڵە بکات؟

پاش بەدواداچوون، کۆکردنەوەى زانیاریى و لێکدانەوە، ئەم هۆکارانەى خوارەوە بە هۆکارى سەرەکى نەبوونى یاسای بودجە دەزانم:

١ـ گەندەڵى و سەرپێچى دارایى بەرفراوان لە داهات و خەرجییەکان.

٢ـ دەستبەسەراگرتنى بەشێک لە داهات و نەناردنەوەى بۆ خەزێنەى گشتى لەلایەن هەردوو حزبى دەسەڵاتەوە.

٣ـ هەستنەکردنى حکومەت بە بەپرسیارێتى بەرانبەر خەڵک و پەرلەمان لە جێبەجێکردنى یاساکان.

٤ـ نەبوونى یاساى بودجە بۆ ماوەى هەشت ساڵى یەک لە دواى یەک، واتە نەبوونى یاساى بودجە لە کابینەکانى پێشوو، بووەتە هۆى سەختکردنى ئەرکەکە بۆ کابینەو حکومەتى دواى خۆى.

٥ـ نەبوونى زانیاریى و داتاى داهات و خەرجى وەزارەت و دەستەکان لەلاى وەزارەتى دارایى، بەتایبەت نەبوونى زانیاریى و داتاى وەزارەتى سامانە سروشتیەکان و دۆسیەى نەوت لەلای وەزارەتى دارایى.

٦ـ لاوازى تواناى ئەنجومەنى وەزیران لە چارەسەرکردنى پرسە گەورەو گرنگەکان بەهۆى ناکۆکى سیاسى حزبەکانى دەسەڵات لەسەر "دەسەڵات" و پاراستنى "بەرژەوەندى حزبەکانیان".

دوو/ بۆچى پڕۆژە یاساى بودجە گرنگە؟

ئەگەر بەشێوەیەکى زانستیانەو پیشەییانەو یاساییانە، حکومەت پڕۆژەیاساى بودجە دابڕێژێت، ئەوە لە توانادا هەیە بە ڕێژەیەک داهات و خەرجی هەرێم شەفاف بکات و دادگەریى و هاوسەنگى بچەسپێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ شارو شارۆچکەکان و سێکتەرەکان و تەرخانکردنى پارە بە پێى زەرورەتى خزمەتگوزارىیەکان بۆ هەر شارو ناوچەیەک، هەروەک کارى چاودێرى دامەزراوەکانى چاودێرى ئاسان دەکات و هاووڵاتیانیش بەرچاوڕوون دەبن لە دۆخى دارایى.

 

سێ/ ئەکرێت حکومەت یاساى بودجەى نەبێت؟

بەهیچ شێوەیە ناکرێت و ناگونجێت حکومەت یاساى بودجەى نەبێت، مەگەر وڵات لە دۆخى زۆر نائاساییدا بژى، وەک شەڕ، یان کارەساتى گەورەى سروشتى، ئەوەش تەنها بۆ یەک ساڵ، ئەگەرنا بە پێى بنەماکانى کارى دەوڵەتدارى و بەڕێوەبردن، نابێت حکومەت یاساى بودجەى نەبێت، کاتێکیش حکومەت پابەندى ئەم بنەما سەرەتاییەى بەڕێوەبردن نابێت بۆ ماوەى نۆ ساڵ، ئەوە وەک ئەم دۆخەى حکومەتى هەرێمى لێ بەسەر دێت کە کەوتووەتە ناو زەلکاوێکى گەورەى دارایى و ئابورى و دەرچوون لێى ئاسان نەبێت.

 

چوار/ دۆخى دارایى و ئابورى هەرێم بەرەو کوێ دەڕوات؟

لە دۆخێکدا کە هەزاران گەنج چاوەڕوانى دامەزراندن و هەلى کار دەکەن (کە من بە هێندێک پێوەر ژمارەیانم بە ٥٠٠ هەزار گەنج خەمڵاندووە) بەو هۆیەشەوە بەشێکیان ڕۆژانە سەرى خۆیان هەڵدەگرن و وڵات بە جێدێڵن، لە دۆخێکدا کە  (٣٠,٠٠٠) فەرمانبەرى گرێبەست چاوەڕێى بە هەمیشەییکردنى ڕاژەکانیان دەکەن، لە دۆخێکدا کە حکومەت یەک دینار ناداتە ئەو خێزانانەى کە هیچ سەرچاوەیەکى داهاتیان نییە و ژیانیان لە خوار هێڵى هەژارییەوەیە (کە من ژمارەیانم بە ٥٠٠ هەزار هاووڵاتى هەژار خەمڵاندووە)، لە دۆخێکدا کە ئەگەر پارەى بەغدا نەبێت حکومەت تەنانەت تواناى خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى نییە وەکخۆى، لە دۆخێکدا ئەو سامانەى کە بە گەندەڵى دەڕوات رۆژ بە ڕۆژ قەبارەکەى گەورەتر دەبێت، لە دۆخێکدا کە لە زۆر بواردا حکومەت ناتوانێت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات، نەبوونى یاساى بودجە واتە نەبوونى هیچ پلان و بەرنامەیەکى ئابورى و دارایى و هیچ بەرچاوڕۆشنیەک بۆ ئایندەى ئابورى و دارایى هەرێم، بەجۆرێک ئەگەر جاروبار، بەهۆى بەغدا، یان بەرزبوونەوەى نرخى نەوتەوە، چارەسەرێکى بچوکى کاتى هەبێت، ئەوە هەمیشە خەڵک لەبەردەم ئەگەرى دۆخى خراپى ئابوریدایە و ئاسۆى چارەسەرى کێشە گەورەکان نابینرێت.

پێنج/ چى بکرێت باشە، چارەسەر چییە؟

لە کۆتایى ساڵى (٢٠٢٠)و سەرەتاى ساڵى (٢٠٢١)ەوەو تا ئێستاش بە بەردەوامى، هەوڵمانداوە، حکومەت لەم دۆخە خراپە نایاساییە بهێنینە دەرەوە، بەداخەوە تا ئێستا گوێیەک نەبووە بۆ بیستن، بەڵام ئێمە هەر بەردەوام دەبین.

حکومەت بە کرداریى پارەى لەبەردەستە، پارەکەش زۆرەو لە کاتى تر ئێمە ڕوونمان کردووەتەوە، بەشێوەى کرداریش خەرجیەکان دەکات، یاساى پێویست و بنەماى ژمێریارى هەیە تا حکومەت بیکاتە بنەماى کارکردنى لە پرسە دارایى و ئابورییەکاندا، کات هەیەو توانا هەیە، هیچ بژاردەیەک لەبەردەم حکومەتدا نییە بێجگە لە بژاردەى جێبەجێکردنى یاساکان، بێجگە لە گرتنەبەرى ڕێگەیەک کە هەرێمەکەمان لە زەلکاوى گەندەڵى و ناشەفافیەت و خراپى دۆخى دارایى و ئابورى ڕزگار بکات کە ئەویش چاکسازى و گۆڕانکاریى ڕاستەقینەیە، یەکێک لەو هەنگاوە گرنگانەش بوونى یاساى بودجەیە، کە دەکرێت ببێتە هۆى شەفافیەت لە داهات و خەرجى، پابەندى بە کاراکردنى ڕۆڵى دیوانى چاودێرى دارایى و ڕێزگرتن لە کارەکانیان و ڕێزگرتن لە کارى چاودێرى پەرلەمان و پشیوانیکردنى.

 

عومەر گوڵپى

ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى کوردستان

٢٧ى ٧ى ٢٠٢١


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 285,454     ژمارەی میوان 290