200 ملیارەکەى بەغدا بۆ مووچەیەو بە پێى یاساو بەڵێنەکانى حکومەتیش ئەبێت لێبڕین کۆتایى هاتبێت
2021-07-13
456 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر - AA

ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازە بڕیارێکیان ئامادەکردووە بۆئەوەی بیخەنە بەردەم دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا، بڕیار لە کۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچە بدرێت.

پێشنیازە یاساکە دوای بەڵینێکی سەرۆکی پەرلەمان هات کە لە دانیشتنی ژمارە ١٨ی خولی بەهارەدا لە وەڵامی یاداشتێکی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ هەمان مەبەست، گوتی 'یاداشتەکەتان لە چوارچێوەی پێشنیازە بڕیارێکدا رێکبخەن بە واژووی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران و دەیخەینە بەرنامەی کاری نزیکترین دانیشتنی پەرلەمان'.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی، عومەر گوڵپی دەربارەی رێکارەکانی ئامادەکردنی پێشنیازە بڕیارەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئێمە پێشنیازە بڕیارەکەمان داڕشتووە کە پێکهاتووە لە پێنج ماددە، چواریان پەیوەندیدارن بە پابەندی دارایی حکوومەت و ماددەی کۆتایش شتێکی شکڵییە کە دەڵێت بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت لە رۆژی دەرچوونییەوە، چوار ماددەکەی دیکە پێکهاتووە لە یەکەم؛ حکوومەت پابەند دەبێت بە ئەرکە داراییەکانی لە کۆکردنەوەی داهات و گەڕاندنەوەی بۆ خەزێنەی گشتی، چونکە ئەمە ئێستا یەکێک لە کێشە گەورەکانی هەرێمی کوردستانە، دووەم؛ حکوومەت پابەندی یاسای مووچە دەبێت وەک خۆی هەم بڕەکەی و هەم کاتەکەی، ماددەی سێهیەم؛ حکوومەت دەبێت کۆتایی بهێنێت بە لێبڕینی مووچە و ماددەی چوارەمیش؛ حکوومەت پابەندبێت بە تەواوکردنی یاسای چاکسازی و هەر زیادەیەک لە داهات لە یاسای چاکسازی دێتە خەزێنەی گشتی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دامەزراندن و رەخساندنی هەلی کار تەرخان بکرێت".

عومەر گولپی گوتی: "ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران واژوویان لەسەر کردووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، ١٠ پەرلەمانتار دەتوانن پێشنیازەیاسا پێشکەش بکەن و ئێمە تا ئێستا واژووی ٢٣ پەرلەمانتارمان کۆکردووەتەوە و دەمانەوێت دەرفەتی زیاتر بدەین بە هاوڕیکانمان بۆئەوەی بە واژووی زیندوو خۆیان واژوو لەسەر پیشنیازە بڕیارەکە بکەن، لەبەر ئەوەش کە پەرلەمان لەپێش جەژندا هیچ کۆبوونەوەیەک ناکات، پێمان باش بوو پەلە نەکەین لە پێشکەشکردنی و چاوەرێ دەکەین لەدوای جەژن لەزووترین کاتدا پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکەین و هیوادارین لە کۆبوونەوەی ئایندەی پەرلەماندا هەرکاتێک بکرێت، یەکەم پێشنیازە بڕیار کە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت ئەم بڕیارەی ئێمە بێت".

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی، عومەر گوڵپی دەربارەی ئەوەی پێشنیازەکەیان دەخەنە بەردەمی کام فراکسیۆنانەی پەرلەمان تا لەگەڵیان یەکدەنگبن گوتی: "ئێمە چاومان لەوەیە هەموو پەرلەمانتاران واژوو لەسەر یاداشتەکە بکەن و لە دانیشتنی پەرلەمانیشدا دەنگی پێ بدەن، چونکە هیچ حکوومەتێک نییە لە دنیادا ئەم ئەرکە یاساییانە بەرامبەر بە مووچەخۆران و داهاتی وڵاتەکە نەگرێتە بەر، بۆیە دەیخەینە بەردەستی هەموو فراکسیۆنەکان".

عومەر گوڵپی دەربارەی ئەوەی لەدوای گەیشتنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغدا چاوەڕێ ناکەن خۆی لێبڕینی مووچە کۆتایی بێت رایگەیاند "خۆی لە هەرێمی کوردستاندا کێشە بابەتی داهات نییە تاوەکو بڵێین ئەو ٢٠٠ ملیارە هات تەواو لێبڕینی مووچە نامێنیت، کێشە لە پابەندنەبوونی حکوومەتە بە یاساکان، پرەنسیپە دەستوورییەکان و بنەما ژمێریارییەکان، ئەگەر شەفافییەت هەبێت و داهاتی ئەم وڵاتە لە دەستی ئەمیندا بێت و بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی لە سەرچاوەکانییەوە وەک نەوت و گومرک و باج، بەدڵینایییەوە ئێستا داهاتی هەرێمی کوردستان بەشی هەموو پێداویستییەکان دەکات بە مووچەی تەواوەوە، بەڵام هاتنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغدا بیانوو پاساو لەبەردەم ئەم حکوومەتە لاوازەدا ناهێڵیت، چونکە بەپێی یاسای بوودجەی حکوومەتی عێراق کە هەرێمی کوردستان لەگەڵیدا رێککەوتووە و ماددەیەکی تایبەتە بە پابەندی و مافەکانی هەرێمی کوردستان ئەم پارەیە لە بەغداوە دێت بۆ مووچە و دەبێت خەرج بکرێت، بەپێی بەڵێنی خودی حکوومەت خۆشی لە ٢٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠ کاتێک حکوومەت دەستی برد بۆ لێبڕینی مووچە گوتی ئێمە مووچە بەپێی داهات دەدەین، باشە گریمان لە شەش مانگی رابردوودا بڕوامان بەو زانیارییانەی حکوومەت کرد کە داهات هەر ئەوەندە بوو کە رێژەی لەسەدا ٢١ی مووچە ببڕن کە نزیکی ١٨٠ ملیار دینار دەکات ئەوە لە بەغداوە ٢٠٠ ملیار هات لەبری ١٨٠ ملیار، کەواتە هیچ پاساوێک بۆ لێبڕینی مووچە نەماوە".

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی، عومەر گوڵپی گوتیشی: "بە تێگەیشتنی ئێمە ئەو پارەیە دەبێت راستەوخۆ بچێتە سەر مووچەی مووچەخۆران و بڕوامان وایە داهات ئەوەندە هەیە کە هەندێک دامەزراندنی پێویست بۆ کەرتی گشتی بکرێت و پرۆژەکانیش بەگەڕ بخرێنەوە بۆئەوەی گەنجانی ئەم وڵاتە هەلی کاریان دەست بکەوێت".


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 285,997     ژمارەی میوان 577