"ئەم کابینەیە وێڕای‌ ئەوەی‌ کێشە ئابوریی‌‌و داراییەکانی‌ چارەسەر نەکرد، خەریکی‌ مان بڕینی‌ خەڵکیشە"
2021-07-10
300 جار خوێندراوەتەوە
 
دەقی‌ لێدوان بۆ ئاژانی‌ ئەنادۆڵ سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی‌ دوو ساڵ تەمەنی‌ کابینەی‌ نۆیەمی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان:
 
هەولێر - AA
 
کۆمەڵی دادگەری کوردستان، بە حەوت کورسی پەرلەمانی هێزی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانە و گەورەترین فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنیشە لەنێو پەرلەماندا، ئەندامێکی فراکسیۆنەکەیان بە سێ پێوەر دەڵیت کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کابینەیەکی شکستخواردووە و سەرکەوتوو نەبووە.
 
ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، عومەر گوڵپی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی هەڵسەنگاندی بۆ کابینەی نۆیەمی حکومەت رایگەیاند "سێ پێوەر هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی کاری هەر حکوومەتێکی دنیا، یەکەم کات، دووەم توانای ماددی و مرۆیی، سێهەم ئەو بەرنامە و سیاسەتەی کە هەیەتی، بەهەرسێ پێوەرەکە ئەم حکوومەتە لاواز و شکستخواردوو بووە وە لە ئاست ئێستای خەڵک و چاوەڕوانیاندا نییە، چونکە دوو ساڵ تەمەنێکی زۆرە بۆئەوەی دەرکەوێت ئەم حکوومەتە حکوومەتێکی خزمەتگوزارە، حکوومەتی خەڵک و جێبەجێکردنی یاساکان و باشترکردنی بژێوییە، هیچ کام لەمانەی نەکرد، خاڵێکی دیکە بەپێی بەرنامەکەی خۆی بەڵێنی ئەوەیداوە چاکسازی بکات، رۆتین نەهێڵێت، رووبەرووی گەندەڵی بێتەوە، رێز لە چاودێری کاری پەرلەمان بگرێت و زۆر بەڵێنی داوە کە کابینەکانی پێشتر لە کارنامەی خۆیاندا ئەم بەڵێنانەیان نەداوە، بەڵام کاتێک ئێمە دێینەسەر کار و کردەوە و بڕیار و ئیشەکانی حکومەت جێبەجێکردنی بەڵێنەکان نابینین رەنگدانەوەیان نییە، لە هەموو رووەکان و سێکتەرەکانەوە لێی وردبوومەتەوە حەزمدەکرد حکوومەتكی خزمەتگوزاربوایە بۆ خەڵک و بەڵینەکانی ببردایەتە سەر بۆئەوەی دۆخی خەڵک باشتربێت بەڵام لە راستیدا واینەکرد، دوو ساڵ کاتی تێپەڕی و خەڵک نارەزایەتییەکانی زیاتر بوون".
 
عومەر گوڵپی راشیگەیاند "ئێمە بەرپرسیاری ناکەین لەکەموکوڕییەکانی کابینەکانی پێشوو، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکەین بەم سێ پێوەرەی کە باسمان کرد، لەوانەیە بپرسن کە توانای دارایی نییە بەڵام لەراستیدا هەیەتی، نەوت لەم دوو ساڵەی تەمەنی ئەم کابینەیەدا تەنیا سێ مانگی سەرەتای کۆرۆنا نەبێت وەک پێویست نرخی باشی نەبووە بەردەوام نرخی بەرزبووە و رێژەی فرۆشتنیش زیاتر بووە، جموجۆڵی بازرگانی خاڵە سنوورییەکان لە سەردەمی کۆرۆنادا لە ساڵی پێشووتر زیاتر بووە واتە داهات لە گومرگەوە بۆ چەند هێندە زیادی کردووە، ئەمەش سەرچاوەی دووەم، سەرچاوەی سێهەمیش باج لە ٤٠ ملیار دینارەوە گەیشتووەتە ٩٠ ملیار دینار، سەرچاوەی چوارەمیش رسوماتە وەک خۆیەتی، کەواتە کە پارەت هەیە و بەڵێنیشت داوە و کاتیشت لەبەردەست بووە بۆ خزمەتگوزاری پێشکەشی خەڵک ناکەیت".
 
گوتیشی "ئێستا لە شاری گەورەمان هەیە کە ژمارەی دانێشتووانەکەی ٢٠٠ هەزار کەسە ئاسوی خواردنەوەیان نییە، پایتەختی هەرێمی کوردستان هەولێر ئێستا لە قەیرانێکی گەورەی ئاودایە، حکومەت دەبێت بیربکاتەوە لەپرۆژە و پلانی ستراتیژی نەک بە تەنکەر ماڵە و ماڵ ئاو بگێڕێت، دۆخی کارەبا دەبێت چاکبکرێت، شەقام و رێگاوبانەکان دەبێت چکبکرێن، ئێمە چاوەڕوانی زۆر گەورەمان لەم حکوومەتە نییە بیکات، ئەم خزمەتگوزارییە سادانە کە مافی سەرەتایی خەڵکن بە داهاتی ئێستای حکوومەتیش دەکرێن بۆ نایان کات".
 
لەبارەی ئازادییە کەسییەکان و مافی ئازادی رادەربڕینیش، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان، عومەر گوڵپی رایگەیاند "ئەمە بابەتێکی زۆر زۆر گرنگە، حزبەکانی پێکهێنەری دەسەڵات وە حکوومەت لەرێگای دامەزراوەکانیانەوە خەریکی زمان بڕینی خەڵکە، ئەمە یەکێکە لە خاڵە زۆر رەش و سلبییەکانی ئەم حکوومەتە کە لەراستیدا کابینەکانی پێشووش ئەم ناشرینیەیان نەبوو، هەندێ شت هەبوون بەڵام بەم جۆرەی ئێستا نەبووە، ئێستا یەک لەدوای یەک ئەوانەی لەسەر چالاکی مەدەنی لەسەر رەخنە گرتن، نامە گۆڕنەوە، ئەوانەی رەخنەیان لە حکوومەت گرتووە بەتایبەت لە سنووری پارێزگای دهۆک بەتاوانی سیخوڕی و خیانەتی نیشتمانی و تێکدانی ئارامی و ئاسایش بە خراپ سوود وەرگرتن لە دەقی ماددەیەکی یاسایی، یەک لە دوای یەک سزا دەدرێن کە ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵاکارە، ئێمە دەزانین رۆژنامەنووس و چالاکوانان و مامۆستایانی زانکۆ دەکرێت تاوان بکەن، تاوانێک کە هاووڵاتییەک سکاڵاکاری بەرامبەری بێت ئاساییە بەڵام کاتێک حکوومەت و ئەنجومەنی ئاسایش بەرامبەری سکاڵاکارە بەواتای بێدەنگکردنی خەڵک دێت، بۆیە لەبواری ئازادی و ئازادی رادەربڕین و مافە گشتییەکاندا بۆدواوە گەڕاوەتەوە".
 
گووتیشی "ئێمە بینیمان لەسنووری ئیدارەی گەرمیان و هەڵەبجە و ئیداری راپەڕینیش کاتی خۆپیشاندانەکان بە گولە خۆپیشاندەران وەڵام درانەوە و نزیکەی ١٠ کەس شەهید بوون منداڵی ١٣ ساڵی تێدایە، بەڵام کابینەی نۆیەم بێجگە لە شکستەکانی لەبواری خزمەتگوزاری و کەمتەرخەمییەکانی لەبواری ماف و ئازادییەکانیشدا دۆخی هەرێمی کوردستانی بۆ دواوە گەڕاندووەتەوە و هەرێمی کوردستانی لاواز کردووە و سومعەی لە ئاستی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتیش ناشرین کردووە".

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 285,194     ژمارەی میوان 18