پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسیۆن کۆبوونەوەیەکى ئاسایى پەرلەمانیان ڕاگرت
2021-07-10
241 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر - AA

پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن لە فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ، کۆمەڵ، یەکگرتوو و سەربەخۆکان و بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان کە بە هەموویان ١٦ پەرلەمانتاربوون لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا، بەشێوەیەکی کاتی دانیشتنی پەرلەمانیان راگرت.

داواکاری ئەو پەرلەمانتارانە ئەوەبوو کە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەبەر رۆشنایی دانیشتنی رابردوودا، پرسی هەڵگرتنی لێبڕینی مووچە بخاتە دەنگدانەوە بەرلە دەستکردن بە جێبەجێکردنی کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، بەو هۆیەشەوە پشێوی لە هۆڵی پەرلەماندا کەوتەوە و سەرۆکی پەرلەمان بڕیاریدا دانیشتنەکە هەڵبگرێت.

دوای راگرتنی دانیشتنەکە پەرلەمانتارە ناڕازییەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان رێکخست.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، عومەر گوڵپی رایگەیاند "لە دڵسۆزیمان بۆ خەڵکی کوردستان و لە پەرۆشیمان بۆ جێبەجێکردنی یاساکان و لە خەمخواردنمان بۆ ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و لە دڵسۆزیمان بۆ هەژارەکان و مووچەخۆران، پێمانوایە دەبێت هەموو رێگایەکی پەرلەمانی تەندروست ئاشتییانە مەدەنییانە بەکاربهێنین بۆئەوەی فشاربکەین، هەم دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەپێی یاساکان و پەیڕەوی ناوخۆ کاربکەن و هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ناچاربکەین کە وەڵامدەرەوەی کێشەی خەڵکی کوردستان بێت، ئەمڕۆ هەموو لێکدانەوەکان هەموو ئەوانەی ئاگاداری دۆخی دارایی و جموجۆڵی بارزگانی و داهاتی نەوت و ناوخۆن، دەزانین داهات لە هەرێمی کوردستاندا بەشی مووچە دەکات، بەشی بەگەڕخستنەوەی پرۆژەکان و رەخساندنی هەلی کار دەکات، بەشی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان دەکات، بەڵام بەداخەوە لە کۆبوونەوەی پێشتر گفتوگۆیەکی زۆر چڕوپڕکرا تەنانەت لەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنەکانی دەسەڵاتیش لەسەر بابەتی لێبڕینی مووچە و هەموو قسەکان بەو ئاراستەیە بوون کە ئەم بڕیارە نایاساییە هەڵبگیرێت، رای ئێمە ئەوەبوو کە ئەم بابەتە بکرێتە بڕیارێکی پەرلەمانی بۆئەوەی خەڵکی کوردستان بزانێت ئەم بابەتە نایاساییە و لە پەرلەمانەوە، حکوومەت پابەند بکرێت بە کۆکردنەوەی داهاتەکان و کۆتایی هێنان بە لێبڕینی مووچە".

دواتر پەرلەمانتاری سەربەخۆ، سیروان بابان رایگەیاند "هەرکەسێک لەم پەرلەمانە دەنگی بەرزبێتەوە و دژی لێبڕینی مووچە و دژی زوڵم و زۆربێت، ئەوا لەبەرەی ئێمەیە، نەمانهێشت دانیشتنی نایاسایی لەم پەرلەمانە بکرێت لەبەر ئەوەی باسی مووچە و قوتی خەڵکی تێدا نییە، بەم گەرمایە نە کارەبا هەیە نە ئاو هەیە بەس هەناسە ماوە بیبڕن، بەردەوام دەبین لەسەر ئەم شێوازە و ناهێڵین دانیشتن بۆ ئەوان بەڕێوەبچێت بەو شێوەیە بەڕێکاری پەرلەمانی و یاسایی".

هەروەها پەرلەمانتاری سەربەخۆ، مەم بورهان قانع-یش لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "داوا دەکەین سەرۆکایەتی پەرلەمان رێزی پەیڕەوبگرێت، خۆی رێزی ناگرێت، بەڵام لە خاڵێکی دیکەدا بە ئێمە دەڵێت دەبێت دانیشتنەکە نەشێوێنن، ئەوەی کە قیمەتی هەیە ژیانی خەڵکە مووچەی خەڵکە، قاچاخچێتی لە هەموو سنوورەکان هەیە، گرێبەستێکی نەفرەتییان کردووە کە ناوی گرێبەستی نەوتە لەسەدا ٥٨ی داهاتی نەوت بۆ کۆمپانیاکان دەچێت لەسەدا ٤٢ەکەشی نایەتەوە ناو خەزێنەی دەوڵەت، داهاتی ناوخۆ و سنوورەکان ناچێتە ناو خەزێنەی دەوڵەت، نزیکەی ٤٠ رۆژە مووچە بەلەتیش دابەش ناکرێت ئەمە کێشەی پەرلەمانە کە گەورەترین دەسەڵاتە دەبێت ئەم کیشانە چارەسەر بکات نامانەوێت پەرلەمان بە شتی لابەلاوە سەرقاڵبێت".

لەلایەن خۆیەوە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، شیرین ئەمین لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "ئێمە ١٦ پەرلەمانتارین لەناو دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا کە جەختمان لەسەر ئەوەکردەوە کە دەبێت پرسی لێبڕینی مووچە بخرێتە دەنگدانەوە و ببێتە بڕیارێکی تەشریعی لەکاتێکدا لە دانیشتنی رابردوو، زیاتر لە ١٧ کاتژمێر ئێمە لەناو پەرلەمان بووین و دانیشتنێکی چڕ بوو لەسەر لێبڕینی مووچە، دەتوانین بڵێین لەو دانیشتنە کۆی هۆکارەکان و لەمپەرەکان بۆ لێبڕینی مووچە و کورتهێنانی بوودجە خراوەتەڕوو، ئەوەی کە ماوە تەنانەت فراکسیۆنەکانی کە لە ئاستی باڵان لە دەسەڵاتدا، ئەوان دەستپێشخەربوون و زیاتر جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دەبێت لێبڕینی مووچە لاببرێت، بەڵام بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان لە ئاستی سەرۆکایەتیدا لەم کاتە پێویستی و ناچارییانەدا، کار بە دەقەکان و ماددە و بڕگەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ناکات لەکاتێکدا ئێمە ٥٦ پەرلەمانتار یاداشتمان پێشکەش کردووە و داوامان کردووە لێبڕینی مووچە بخرێتە دەنگدانەوە".

لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەشدا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، شێرکۆ جەودەت گوتی: "خەڵکی کوردستان دەبێت ئاگاداربێت داهاتی زۆنی سەوز و سلێمانی و زۆنی زەرد و هەولێر و دهۆک دەستی بەسەردا گیراوە، ٤٠ رۆژە مووچە دابەش نەکراوە لەبەر ئەوەی لە زۆنی سەوز لەسەدا ٤٢ی داهاتی ناوخۆ لادراوە لە گومرکەکان و پۆلیسی هاتوچۆ و داهاتەکانی دیکە بەهەمان شێوە لەسەدا ٤٢ش لە زۆنی زەرد لە هەولێر و دهۆک لادراوە و دزراوە، هەردوولا دەیدزن ئەمە کودەتایەکی گەورەیە شەرەف و نامووسی تاک بە تاک و خەڵکی هەژار و مووچەخۆرانی ئەم کوردستانە کەوتووەتە ژێر رەحمەتی بڕیاری چەند بڕیاردەرێکی دز و گەندەڵ کە داهاتی ئەم هەرێمی کوردستانە بە هی خۆی دەزانێت، داهاتی هەرێمی کوردستان داهاتی خەڵکە نەک داهاتی سەوز و زەرد، لەبەر ئەوە دەبێت هەموو لایەک بێنە دەنگ چۆن ئێمە هەڵوێستمان گرتووە".

گوتیشی: "ئێستا ئێمە زۆرینەی بە هەڵوێستین، ناهێڵین پەرلەمانی کوردستان بەلاڕێدا ببرێت، پەرلەمان دەبێت بۆ ژیانی خەڵک بێت بۆ مووچە، ئاو، کارەبا، دامەزراندنی گرێبەستەکان،مامۆستایانی وانەبێژ و سێ یەکەمەکان بێت، بۆ کێشەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت".


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 300,623     ژمارەی میوان 7