چەند سەرنجێک لەسەر دادگایى ژمارەیەک لە دەستگیکراوانى پارێزگاى دهۆک
2021-07-05
332 جار خوێندراوەتەوە
 
ئه‌مڕۆ دووشەممە، ٥ى ٧ى ٢٠٢١، له‌ هۆڵی‌ دادگای‌ تاوانەکانى (2)ی‌ هه‌ولێر ئاماده‌بووین، پوخته‌ی‌ سه‌رنجه‌كانم ئه‌مانه‌ی‌ خواره‌وه‌ن:
 
١ـ جاران گه‌نجه‌كان ده‌ستگیر ده‌كران، ئه‌مجاره‌یان له‌گه‌ڵ گه‌نجه‌كان به‌ته‌مه‌نه‌كانیشی‌ گرته‌وه‌، (د.عامر خالید/ ته‌مه‌ن 51 ساڵ‌و هه‌ڵگری‌ بڕوانامه‌ی‌ دكتۆراو مامۆستای‌ زانكۆی‌ دهۆك، سلێمان كه‌مال/ تەمەن 55 ساڵ‌و خانه‌نشین، جه‌مال/ تەمەن 40 ساڵ‌و مامۆستای‌ ئامادەیی‌، سلێمان موسا/تەمەن 42 ساڵ‌و مامۆستای‌ قوتابخانە، فرسه‌ت ئەحمەد/ تەمەن 47 ساڵ‌و ئه‌ندازیار).
 
٢ـ پیشەى تۆمه‌تباران بریتین له‌ (خانه‌نشین، مامۆستا، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ قوتابخانه‌، مامۆستای‌ زانكۆ، ئه‌ندازیار).
 
٣ـ سكاڵاكار (ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان)ه‌!
 
٤ـ به‌ پێی‌ یاسا تۆمه‌تبار نابێت به‌بێ ئاماده‌بوونی‌ پارێزه‌ر وته‌ی‌ لێ وه‌ربگیرێت، ئه‌بێت له‌ سه‌ره‌تای‌ تۆمه‌تباركردن‌و ده‌ستگیركردنیەوە پارێزه‌ری‌ هه‌بێت، ئەمانە مافى سەرەتایى هەر تۆمەتبارێکن، به‌ڵام ئه‌م تۆمەتبارانە پاش (11)مانگ پارێزه‌ریان پێ ڕه‌وا بینرا.
 
٥ـ جه‌سته‌و سیمای‌ تۆمه‌تباران لاوازو بێهێز دیار بوو.
 
٦ـ ئه‌م تۆمه‌تبارانه‌ دانیشتووی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆكن‌و خه‌ڵكی‌ (زاخۆ، دهۆك، ئاكرێ)ن، خه‌یره‌ له‌ دادگای‌ دهۆك دادگایی‌ ناكرێن؟
 
٧ـ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ یانزه‌ مانگه‌ ڕووناكیان نه‌بینیوه‌، به‌ڵام سه‌یربوو كه‌ دوو له‌ تۆمه‌تباران وتیان پێویستمان به‌ پارێزه‌ر نییه‌!
 
٨ـ پێویستە ئاسایش لە دەرگا تۆمەتباران ڕادەستى پۆلیسى دادگا بکات، پاسەوانى دادگاو پارێزگارى پڕۆسەى دادبینى ئەرکى پۆلیسە نەوەک ئاسایش، ئێمە پێچەوانەى ئەوەمان بینى.
 
ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنج بوو، له‌لایه‌ك حه‌سره‌ت‌و له‌لایه‌ك ئومێدی‌ له‌ دڵدا دروست ده‌كرد، كاتێك تۆمه‌تباران برانه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ دادگا، منداڵ‌و كه‌س‌و كارو ده‌ستگیركراوان هۆڵی‌ دادگایان پڕكرد له‌ (ئازادی‌ ئازادی‌)، من كه‌سته‌می‌ به‌عسم بینیوه‌‌و قوربانی‌ ئەو ڕژێمە دڕندەیەم‌و تا ڕاده‌یه‌ك خۆم به‌ دڵڕه‌ق ده‌زانم، فرمێسك به‌رچاوی‌ گرتم!
 
ده‌بێت هه‌موو له‌ خۆمان بپرسین ئاینده‌ی‌ هه‌رێمێك به‌ كوێ ده‌گات كه‌ ئه‌ندازیارو مامۆستاو مامۆستای‌ زانكۆو به‌ڕێوه‌به‌ری‌ قوتابخانه‌‌و هاووڵاتی‌ خانه‌نشینی‌ خۆی‌ له‌ قه‌فه‌زی‌ تۆمه‌تدا ڕاگرێت‌و سكاڵاكاریش (ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش) بێت؟ به‌ڕاست ئێمه‌ ڕاپه‌ڕینمان بۆچی‌ كرد؟
 
عومه‌ر گوڵپی‌
ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان
٥ى ٧ى ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,109     ژمارەی میوان 188