ئەگەر ئەمە شکست نیە، ناوی‌ چییە؟
2021-06-27
67 جار خوێندراوەتەوە
 
لە مانگی‌ (٦)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢٠)، بەبێ بوونی‌ هیچ سەنەدێکی‌ شەرعی‌ و یاسایی‌‌و ڕەوایەتی‌، حکومەت بڕیاریدا مووچەی‌ هەر کارمەندێک لەسەرو ٣٠٠ هەزارەوە بە لێبڕینی‌ (٢١%) دابەش بکات.
 
لەو بەروارەوە، حکومەت لە بری‌ دابەشکردنی‌ مووچەی دوانزە مانگ، تەنها (٩) مووچەی‌ دابەشکردووە، لە بری‌(١٠) ترلیۆن‌و (٧٤٠) ملیار دیناریش، تەنها (٦) ترلیۆن‌و (٤٨٩) ملیار دیناری‌ دابەشکردووە، واتە حکومەت بڕی‌ نزیکەی (چوار) ترلیۆن و(٣٧٦) ملیار دینار، قەرزاری‌ فەرمانبەرو مووچەخۆرەکانیەتی، کەنزیکەی (یەک) ترلیۆن و (٧٠٠) ملیار دیناری لە ئەنجامی‌ لیبڕینی‌ ٢١%ی‌ مووچەی نۆ مانگ، و باقیەکەشی‌ کە (دوو) ترلیۆن‌و (٦٨٥) ملیار دینارە لە ئەنجامی‌ دابەشنەکردنی‌ مووچەی‌ سێ مانگ لە ساڵی‌ ٢٠٢٠، ئەوە تەنها لە دوای‌ بڕیاری‌ لێبڕینی‌ مووچەوە، ئەگەرنا لە کۆی‌ مووچەی ساڵی‌ ٢٠٢٠، تەنها پێنج مووچە دابەشکرا، ئەمە بێجگە لە ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ.
 
ئەوە پابەندی‌ حکومەت بەرانبەر مووچەخۆرەکانی، ئەی‌ حکومەت چی‌ کردووە بۆ گەنجانی‌ پێکار کە ژمارەیان بەلای کەمەوە بە ٥٠٠ هەزار گەنج دەخەمڵێنرێت؟ ئەی‌ چی‌ بۆ هەژارەکان کردووە؟ ئەی‌ چی‌ بۆ جوتیاران کردووە؟ ئەی‌ چی‌ کردووە بۆ پەرەپێدانی‌ کەرتی‌ تایبەت بەتایبەت کشتوکاڵ‌و پیشەسازی‌‌و گەشتیاری‌؟ کام پارەی‌ بۆ بوژانەوەی ئەو کەرتانە تەرخانکرد؟ کام قەرزەی‌ دا بە گەنجان بۆ دروستکردنی‌ پڕۆژەی بچوک؟ ئەی‌ کوا پاڵپشتی‌ پێکهێنانی‌ خێزان؟ کوا پاڵپشتی کرێنشینان؟ ئێ لە ژیانی سیاسی و حکومڕانیدا ئەمانە پێوەرو هەڵسەنگاندنی حکومەتی باش و حکومەتی خراپن، نەوەک چەواشەکاریی لێشاوێک میدیا بە پارەی میللەت!
 
ئەوە لە کاتێکدا حکومەت زیاتر لە دوو ساڵە نە لەدۆخی‌ شەڕدایە، نە کوردستان ڕووبەڕووی‌ کارەساتێکی‌ سروشتی‌ گەورە بووەتەوە، بۆ کۆرۆناش کە دەکرێتە بەشێک لە پاساوی‌ شکست، بینیتان کە حکومەت هیچ پابەندییەکی‌ بەرانبەر هەزاران کاسبکار نەگرتە ئەستۆ کە زیانی‌ گەورەیان کرد بەهۆی‌ کەرەنتینەو نەبوونی‌ بازاڕەوە، ئەمە بێجگە لەوەی‌ لە ماوەی‌ ئەو دوانزە مانگەی‌ ڕابردوودا لە هەموو سەرچاوەکانەوە داهاتی‌ هەرێم زیادی‌ کردووە، بۆ نمونە: نەوت لە ٢٠ دۆلارەوە گەیشتووەتەوە بە سەرو حەفتا دۆلار بۆ نرخە جیهانیەکەی‌‌و سەرو ٥٥ دۆلار بۆ ئەوەی‌ کوردستان، ئەوە بێجگە لە سودوەرگرتن لە گۆڕانکاری‌ نرخی‌ دینار بەرانبەر دۆلار کە زیاترە لە ١٠٠ ملیار دینار مانگانە کە زیاتر لە ٧٥ ملیاری‌ تەنها لە ئاڵوگۆڕی‌ پارەی‌ نەوتە بۆ دینار دەستدەکەوێت.
 
شکست شاخ‌و باڵی‌ نییە، ئەگەر ئەمە شکستی‌ حکومەتی‌ سێ قۆڵی‌ نییە، ناوی‌ چییە؟
 
عومەر عەبدوڵڵا گوڵپی
٢٦ی ٦ی ٢٠٢١
 
 

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 18
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net