لە بواری تەندروستیدا، هاوکێشەی نێوان کەرتی گشتیو کەرتی تایبەت هاوکێشەیەکی زۆر ئاڵۆزو هەستیارە، تەنها حکومەتێک سەرکەوتوو دەبێت تیایدا کە چەقی بیرکردنەوەی بەرژەوەندی گشتیو کۆی سیستمی وڵات نیشتیمانی بێت نەوەک حزبی.
بەهۆی کەمبونەوەی خزمەتگوزاری تەندروستی لە نەخۆشخانە گشتییەکان، ماوەیەکە مەترسییەک ڕووی لە هاووڵاتیان کردووە کە بە بەرنامە خەڵکانێک دەیانەوێت پاشەکشە بە نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی بکەن لەسەر حسابی نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت، ئەم گومانەش جێگەی خۆیەتی، بەتایبەت کاتێک خزمەتگوزاری لە کەرتی تەندروستی لە ئاستێکی خراپدایەو خراپی سیستمی بەڕێوەبردن لەلایەکو تەرخان نەکردنی بودجەی پێویست بۆ ستافو دەرمانو ئامێر لەلایەکی ترەوە گومانەکەی زیاتر کردووە، ئەوە گەندەڵی ئیداریو حزبایەتی هاوشێوەی بوارو کەرتەکانی تر هەر لە جێگەی خۆیەتیو یەکێک لە هۆکارەکانی داڕزاندنی کەرتەکەیە.
بۆ دەبێت پزیشکو کارمەندان مان بگرنو دەست لە کار هەڵبگرن، ئەوسا حکومەت ڕەزامەندی دەدات بە خەرجکردنی پارەکانیان؟ ئەی وەزیرەکەیان لەکوێیە؟ بۆ پیشتر لە خەمیاندا نییە؟ بۆ بە سیستمێکی رێکو پێکو بە ڕێنمایی و ستانداردێکی پێشکەوتوو مامەڵە لەگەڵ کەرتی تەندروستی ناکرێت؟ ئەگەر لە هەر بوارێکی تردا یاسای بودجە فەرامۆش بکرێتو هیچ پلانو بودجەیەک نەبێت، ئەوە لە بواری تەندروستی کارەسات دروست دەکات، سەرەنجام تەنهاو تەنها هاووڵاتیو نەخۆش باجەکەی دەدات.
نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی کە ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ نەخۆش لە شارو شارۆچکەی جیاجیاوە سەردانی دەکەن، پێویستی بە ٤٠٠ ملیۆن دیناری مانگانە هەیە بۆ هاندانی ستافەکانیان لە بری نۆڕینگە (بدل عیادە)، هەروەها مانگانە ٧٠٠ ملیۆن دینار بۆ کڕینی دەرمان، لە یەکەمیاندا حکومەت شەش مانگە خەرجی نەکردووە، بۆ دووەمیش بە مەرجی لەسەدا دووی بودجە بۆ کۆمپانیاکان خەرج دەکرێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکان ئامادە نەبن کارەکەیان بکەن، بەهۆی کەمی خەرجی سولفەکانیان، ئەم کێشەیە تەنها نەخۆشخانەی هیوا نییەو نەخۆشخانەکانی تری هاوشێوە هەمان گرفتیان هەیە.
نەخۆشی شێرپەنجە زۆر هەستیارە، هەر جۆرە پەکخستنێکی نەخۆشخانەکانیان واتە هاووڵاتی ناچار دەکات کە دەرمانو چارەسەر لە دەرەوە بەناچاری وەرگرێت، لەکاتێکدا لە دەرەوە بە بڕی (٣٠ تا ٣٠٠٠) دۆلار دەرمان دەکرێت! ئایا ئەمە لە توانای هیچ نەخۆشێکدا هەیە؟ بەتایبەت پرۆسەی چارەسەری ئاڵۆزو قورسی نەخۆشی شێرپەنجەش؟
بە توندی دژی هەر هەوڵێک دەوەستینەوە کە لەسەر حسابی نەخۆش پەرە بە کەرتی تایبەت بداتو بیەوێت کەرتی تایبەتی تەندروستی لەسەر حسابی نەخۆش پێشبخات، نابێت نەخۆشی ئەم وڵاتە وەک قوربانی بخرێتە بەردەست بازرگانی چاوچنۆک، ئەمە کاری زیاتری دەوێت، بەردەوام دەبین.
ئەمڕۆ پەیوەندیم کرد بە وەزارەتی داراییەوە، بەخۆشحاڵیەوە کێشەی مووچەی لە بری نۆڕینگە چارەسەر بووەو دەوام لە نەخۆشخانەکە دەستی پێکردووەتەوە، لەگەڵ بەڕێز کاک عەبدولستار، وەک فراکسیۆنی کۆمەڵ سەردانی نەخۆشخانەکەمان کردو پاڵپشتی خۆمان بۆ نەخۆشو پزیشکو کارمەندان دەربڕی.
عومەر گوڵپی
١٦ی ٦ی ٢٠٢١