بۆچی‌ بە وەڵامەکانى وەزیرى سامانە سروشتیەکان ڕازی‌ نەبووم و ڕەتمکردەوە؟
2021-08-27
315 جار خوێندراوەتەوە
(ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕایگشتی‌)
 
لە ڕوانگەی‌ بڕوای‌ تەواومان بەوەی‌ نەوت سامانێکی‌ نیشتیمانیەو ئەبێت داهاتەکەی‌ بۆ خەڵکی‌ کوردستان بێت‌و سەرجەم پڕۆسەی‌ بەڕێوەبردنی‌(دۆزینەوە، دەرهێنان، گواستنەوە، فرۆشتن‌و گەڕانەوەی‌ داهات)ەکەی‌ بەپێی‌ سیستم‌و یاسا بەرکارەکان بێت‌و بەرژەوەندی‌ باڵای‌ خەڵک تێیایدا پارێزراوبێت، بە ژمارەکانی‌ (٧، ٨، ٣٧، ٣٨، ٤٥، ٥٠، ٦٥، ٦٧، ٧٢، ٧٧، ٨٨، ٩٧) لەماوەی‌ حەوت مانگی‌ ڕابردوودا، کە ئەکاتە (١٢)جار، بەدواداچوونم بۆ ئەم داهاتە گرنگە کردووە، زۆرینەی‌ وەڵامەکانیش بڕوا پێهێن نەبوون، هەربۆیە بەردەوام بووین لە بەدواداچوون.
 
سەبارەت بە وەڵامی‌ پێنج پرسیاری‌ گرنگ لەسەر نەوت‌، بەڕێز وەزیری‌ سامانە سروشتیەکان، بە نووسراوی‌ ژمارە (٣٦٣٠) لە بەرواری‌(٢٥ی‌ ٤ی‌ ٢٠٢١) کە بە نووسراوی‌ ژمارە (ک/٤٥) لە بەرواری‌(٢ی‌ ٥ی‌ ٢٠٢١)ی‌  پەرلەمانی‌ کوردستان بەدەستمان گەیشت، وەڵامی‌ داینەوە، پوختەی‌ ناوەڕۆکی‌ وەڵامەکەی‌ بەمجۆرەبوو:" لە ڕاپۆرتەکانی‌ دیلۆیت زانیاریی‌ هەیە، پرسیارەکان ئاراستەی‌ ئەنجومەنی‌ هەرێمی‌ نەوت‌و گاز بکەن"، ئەم وەڵامەش بە تەواوەتی‌ ڕەتکراوەیە لای‌ ئێمە، چونکە پێچەوانەی‌ حوکمەکانی‌ هەردوو یاسای‌ ژمارە (٢١)ی‌ وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکان‌و (٢٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٠٧)ی‌ نەوت‌و گازی‌ هەرێم و بنەما دەستورییەکان‌و بنەما ژمێریارییەکانە، ئەمە سەرەڕای‌ ئەوەی‌ هێندەی ئاگاداربم ئەنجومەنی‌ هەرێمی‌ نەوت و گاز زیاتر لە ساڵێکە کۆبوونەوەی‌ ئەنجام نەداوەو تووشی‌ شەلەل بووە، کۆمپانیای‌ دیلۆیتیش هیچ نییە بێجگە لە ماکیاجی‌ پرۆسەی‌ ناشەفافی‌ نەوت و زۆربەی‌ کات دوای‌ یەک ساڵ ڕاپۆرت بڵاو دەکاتەوە.
 
هەربۆیە بە ژمارە (١٠١) لە بەرواری‌ (٧ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢١) وەڵامەکەمان ڕەتکردەوەو دووبارە پرسیارە گرنگەکانمان ئاراستە کردنەوە، چونکە بە پێی‌ یاساو بنەما دەسورییەکان وەزیری‌ سامانە سروشتیەکان‌و وەزارەتەکەی‌ بەرپرسیاری‌ پرۆسەی‌ دەرهێنان‌و فرۆشتنی‌ نەوت‌و گازن.
 
ئێمە کێشەی‌ شەخسیمان لەگەڵ وەزیری‌ سامانە سروشتیەکان‌و هیچ وەزیرێکی‌ حکومەت‌و سەرۆک‌و جێگری‌ سەرۆکی‌ حکومەت نییە، تەنهاو تەنها کێشەی‌ ئێمە لەگەڵیان لەسەر جێبەجێکردنی‌ یاسا، بەدامەزراوەییکردنی‌ حکومەت‌و پاراستنی‌ موڵک‌و ماڵی‌ گشتیە، ئێمە دەمانەوێت وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکان وەزارەت بێت نەوەک جانتای‌ دەستی‌ کەسێک، ئێمە پێمان وایە نەوت سامانی‌ خەڵکی‌ ئەم وڵاتەو نەوەکانی‌ داهاتووەو ئەبێت هەموو پرۆسەکەی‌ ڕوون بێت‌و بەپێی‌ یاسا بێت‌و لە ژێر چاودێری‌ تەواودا بێت‌و بۆ بەرژەوەندی‌ خەڵک بێت، بەڵام ئەوان بە هەڵس‌و کەوتیان لەگەڵ نەوت‌و داهاتەکەی‌ ئەوەیان سەلماندووە کە نەوت موڵکی‌ خەڵک نییەو بەردەوامن لە پێشێلکاری‌، کە ئەنجامەکەی‌ دەوڵەمەندبوونی‌ کۆمپانیای‌ حزبەکانی‌ دەسەڵات‌و زیادبوونی‌ سەرمایەی‌ بەرپرسەکانیان بووە.
 
هەموو ڕێکارەکان دەگرینە بەر، فشار دەکەین، ماندوو نابین، تا ئەو کاتەی‌ سامانی‌ نەوت میللی‌ دەکرێت‌و دەبێتەوە بە موڵکی‌ خەڵک‌و بە یاسا مامەڵەی‌ لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر بەڕێز وەزیری‌ سامانە سروشتیەکان (کە وەزیرێکی‌ نوییەو دەرفەتمان پێداوە تا جێگیر دەبێت لە کارەکەی‌) سوربێت لەسەر وەڵام نەدانەوەی‌ بە پێی‌ یاسا، ئەوە دەچینە قۆناغی‌ پرساندن‌و ڕێکاری‌ تری‌ یاسایی‌ بەرانبەریی‌،‌ و ئەو ئەرکەی‌ لەسەرشانمانە وەک نوێنەری‌ خەڵک جێبەجێی‌ دەکەین.
 
لەگەڵ ڕێزدا
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
١٠ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢١
 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 286,038     ژمارەی میوان 13