پاش ئاگاداربوون لە دۆخی پارک و سەوزاییەکانی سلێمانی بەتایبەت پارکی هەواری شار، و سەوازییەکانی بلواری مەلیک مەحمودو ناوەڕاست و بواری شەقامی سالم تا تاسڵوجە، بە ژمارە (١٦) لە بەرواری (٨ی ١١ی ٢٠٢٠) یاداشتێکی فەرمیمان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد بۆ بەدواداچوونی کێشەکەو پابەندی حکومەت بە دابینکردنی بڕی پێویستی پارە بۆ کەلێنەکانی ئاودانو سەوزکردنو سەوزهێشتنەوەی ئەو سەوزاییانەی سلێمانی.
بە ژمارە (ک/ ١٨٨٠) لە بەرواری (١٠ی ١١ی ٢٠٢٠) سەرۆکایەتی پەرلەمانی نووسراوەکەمانی ئاراستەی لیژنەکانی شارەوانیو کاروباری تەندروستیو ژینگە کردبوو، بە سوپاسەوە ئەوانیش لای خۆیانەوە پشتیوانی ڕاپۆرتو داواکارییەکەیان کردبوو، هەربۆیە سەرۆکایەتی پەرلەمانیش نووسراویان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ چارەسەری کێشەکەو دابینکردنی بودجەی پێویست.
سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش بە نووسراویان (١١١٨) لە بەرواری (٣١ی ١ی ٢٠٢١) نووسراویان ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی کرد، وەزارەتی شارەوانیش بە نووسراویان ژمارە (٤٢) لە بەرواری (٧ی ٣ی ٢٠٢١) وەڵامیان داینەوە کە سەرقاڵی پلانن بۆ پێشخستنی پارکەکانو باسیان لە (ستراتیجی پەرەپێدان بە پارکەکانی هەرێمی کوردستان) کرد، هەروەها تیایدا ڕوونیانکردبوویەوە کە وەزارەتەکەیان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی پارکی هەواری شارو پارکو سەوزاییەکانی ترە لە شاری سلێمانی لە چوارچێوەی ئەو سەوزاییەداو بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیداریان ڕاسپاردووە بۆ ئەو مەبەستە.
ئەمڕۆ، حکومەت ڕایگەیاند کە بڕی نزیکەی پێنج ملیار دیناریان تەرخانکردووە بۆ چارەسەری کێشەی پارکی هەواری شارو بوارو پارکەکانی تری شارەکە، ئەگەرچی بڕیارو چارەسەرەکە درەنگەو حکومەت ئەگەر بە یاساو دامەزراوە کار بکات نابێت بڕیارەکانی کاتێک بدات کە بەشێک لە سودەکانی لەدەستچووبن، بەڵام هەموو هەواڵێکی باشو خۆش بۆ خەڵکو ژینگەی ئەم شارە خۆشەویستە، ئەگەرچی درەنگیش بێت، دڵخۆشمان دەکات، هیوادارین هاوینێکی تر هەموومان ناچاری بەدواداچوونی ئەم کێشەیە نەبینو ئیتر بە لە وشکبوونی بەشێک لە گوڵو درەختەکان بڕی بودجەی پێویست تەرخان بکرێت.
دەقی ئەو یاداشتەی ئاراستەمان کردبوو لەم لینکەدایە: