قاچاخچییەکان هەموو سنورێکى ئەخلاق و ویژدانیان تێپەڕاندووە
2021-03-10
414 جار خوێندراوەتەوە
 
لە کۆبوونەوەی‌ ژمارە (٣)، ڕۆژی‌ چوارشەممە، ١٠ی‌ ٣ی‌ ٢٠٢١ی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان، لە ڕێگەی‌ خاڵی‌ پەیڕەوییەوە، عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ فراکسیۆنی‌ کۆمەڵى دادگەرى لە پەرلەمانی‌ کوردستان داواى لە سەرۆکایەتى پەرلەمان کرد لەسەر قاچاخچێتى "دەرمان" و "شیرى منداڵان" لیژنەیەک ڕاسپێرێت بۆ بەدواداچوون کە پەیوەندى بە ژیان و تەندروستى هەموو هاووڵاتیان هەیە، سەرۆکى پەرلەمانیش لیژنەى تەندروستى ڕاسپارد بۆ بەدواداچوون.
 
لە ئاخاوتنەکەیدا، ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند :" قاچاخچییەکان هەموو سنورێکی‌ دەستورو یاساو ئەخلاق‌و ویژدانیان تێپەڕاندووەو دەستیان بۆ هێنانی‌ دەرمان‌و شیری‌ منداڵان بە قاچاخ کردووە، ئەمەش بێجگە لە زیانی‌ ماددی‌ بۆ خەڵکى کوردستان و داهاتى گشتى، مەترسی‌ گەورە لەسەر تەندروستی‌ تاک بەتاکی‌ خەڵکی‌ کوردستان دروست دەکات".
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، عومەر گوڵپی‌، داوایکرد سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان لیژنەیەکی‌ تایبەت بۆ بەدواداچوونی‌ ئەو پرسە پێکبهێنێت کە زۆرینەیان لە فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانی‌ پەرلەمان بن تا بتوانن ئاستی‌ مەترسی‌ و زیانەکانی‌ ئەمجۆرە قاچاخچێتیەو زیانە تەندروستیەکانی‌‌و کەسانی‌ سەرپێچیکارو دەستنیشان بکات.
 
لە وەڵامی‌ داواکانى ئەو پەرلەمانتارەی‌ کۆمەڵدا، سەرۆکی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان لیژنەی‌ تایبەتی‌ پێک نەهێنا، بەڵام لیژنەی‌ تەندروستی‌ ڕاسپارد تا بەدواداچوونی‌ ئەو دیاردەیە بکات‌و ڕاپۆرتی‌ خۆی‌ پێشکەش بکات.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,223     ژمارەی میوان 106